پ.ك.ك هێزی پێشه‌نگی شارستانیه‌تی دیموكراتیكه‌

18 مه 2019 شنب

رۆژهه‌ڵاتی ناوین جارێکی دیکه‌ ده‌بێته‌ لانکه‌ی شارستانیه‌ت و ئه‌مجاره‌یان شارستانیه‌تی دیموكراتییانه ‌وه‌کو ...

 

وه‌ک ده‌زانرێت رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌کو بێشکه‌ی شارستانیه‌ت بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 10 هه‌زار ساڵ، رۆڵی پێشه‌نگایه‌تی له‌ ئاراسته‌کردنی مرۆڤایه‌تیدا بینی. به‌ڵام به‌ ده‌رکه‌وتنی شارستانیه‌تی رۆژئاوا که‌ له‌ شارستانیه‌تی رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ کاتێک رۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌ هۆی خۆنه‌گونجاندن له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م، دوای ماوه‌یه‌کی درێژ ململانێ له‌گه‌ڵ شارستانیه‌تی تازه‌سه‌رهه‌ڵداو، نه‌یتوانی خۆڕاگری بکات و به‌ تایبه‌ت له‌ دوای سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م، واته‌ قۆناخی پێگه‌یشتنی رێنسانسی ئه‌وروپا، زۆربه‌ی کاریگه‌ری خۆی له‌ ده‌ست دا و سه‌ره‌نجام بووه پاشکۆی رۆژئاوا. بێگومان شارستانیه‌تی رۆژئاواش وێڕای تێپه‌ڕبوون به‌ چه‌ند قۆناخی جۆربه‌جۆر دا و ده‌سته‌به‌رکردنی گه‌لێک پێشکه‌وتن بۆ مرۆڤایه‌تی، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ده‌سکه‌وته‌کانی له‌ خۆیدا قه‌تیس هێشته‌وه ‌و به‌ ته‌واوی نه‌یکرده‌ موڵکی سه‌رله‌به‌ری مرۆڤایه‌تی. ئه‌مه‌ش وای کرد که‌ نه‌ک ته‌نیا نه‌توانێت کێشه‌کانی مرۆڤایه‌تی چاره‌سه‌ر بکات به‌ڵکو به ‌تیپه‌ڕبوونی کات، ره‌وتی پێشکه‌وتنه‌کانی هێدی بووه‌وه ‌و گه‌یشته‌ خاڵی بنبه‌ستبوون. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه ‌شارستانیه‌تی ئاماژه پێکراو  بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ باڵاده‌ستی ره‌های خۆی سه‌قامگیر بکات و به‌هێزترین سیستمی پێببه‌خشێت، سیاسه‌تی جۆربه‌جۆری له‌ سه‌ر ئه‌و گه‌ل و ناوچانه ‌په‌یڕه‌و کرد که‌ خۆڕاگریان ده‌کرد. سیاسه‌تی "په‌رت بکه ‌و زاڵ به"‌ له‌ سه‌ر گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین به ‌گشتی و سیاسه‌تی نکۆڵی و قڕکردن به‌ سه‌ر گه‌لی کورد به‌ تایبه‌تی، ئه‌م راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێ.

له‌ کاتێکدا رۆژئاوا هه‌وڵه‌کانی بۆ سه‌پاندنی یه‌کلایه‌نه‌ و یه‌کجاره‌کی سیستمی خۆی له ‌کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م‌دا چڕ ده‌کره‌وه‌ و ئیدی سه‌رکه‌وتنی خۆی مسۆگه‌ر ده‌بینی، گه‌لی کورد به رێبه‌رایه‌تی پ.ک.ک له‌ ناو دڵی رۆژهه‌ڵاتی ناوین سیاسه‌تی نکۆڵی و قڕکردنی پووچه‌ڵ کرده‌وه‌ و شۆڕشی ژیانه‌وه‌ی به‌سه‌ر خست. بێگومان  ئه‌مه‌ چه‌خماخه‌ی ژیانه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و گه‌لانی سه‌ر ئه‌م خاکه‌ بوو، که‌ له ‌دوو توێی خۆیدا سه‌نتێزێکی مێژووی شارستانیه‌تی هه‌ڵگرتبوو. شۆڕشی هاوچه‌رخانه‌ی گه‌لی هه‌ره‌ کۆنی مێزۆپۆتامیا له‌ کاتێکدا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بوو بۆ راستینه‌ و گه‌وهه‌ری مێژوویی ئه‌م خاکه‌ و شارستانیه‌تی سه‌رهه‌ڵداو تیایدا، له‌ هه‌مان کاتدا سه‌رهه‌ڵدانێکی ره‌خنه‌گه‌رانه‌ی رشتبوو له‌ به‌رامبه‌ر شارستانیه‌تی چه‌قبه‌ستووی خۆبه‌ناوه‌ندگرتووی رۆژئاوا و هه‌روه‌ها چه‌واشه‌کردنی مێژوو. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م  شۆڕشه ‌که‌ له ‌گه‌وهه‌ری خۆیدا شۆڕشی دیموكراتییانه‌ و  هه‌روه‌ها رێنسانسی  رۆژهه‌ڵاتی ناوینی هه‌ڵگرتووه‌، له‌ هه‌لومه‌رجێکی وا هه‌ستیاردا که‌ ئیدی شارستانیه‌تی رۆژئاوا هه‌روه‌ک شارستانیه‌تی کۆنی رۆژهه‌ڵات بنبه‌ست بووه‌ و وه‌ڵامێکی بۆ کێشه‌ و هه‌روه‌ها داهاتووی مرۆڤایه‌تی پێ نییه‌، پ.ک.ک رۆڵێکی مێژوویی که‌وته‌ سه‌ر شان و ئه‌و رۆڵه‌ش ئافراندنی شارستانیه‌تێکی نوێ بوو بۆ مرۆڤایه‌تی.

هه‌ر وه‌کو پێشتریش گوتمان ژیانه‌وه‌ی گه‌لی کورد ژیانه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین  بوو. له‌م واتایه‌ دا هێزی پێشه‌نگی شارستانیه‌تی نوێش، شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتیکی گه‌لی کورده‌. بێگومان ستراتیژی نوێی گه‌لی کورد واته‌ رێبازی ئاشتی، ئازادی، دیموكراسی و یه‌کێتی ئازادانه‌ی گه‌لان، زه‌مینه‌خۆشکه‌ری پێشکه‌وتنی ئه‌م چه‌مکانه‌یه‌ له‌ گشت  ناوچه‌که‌دا و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، که‌ له‌ راستیدا که‌ڵه‌که‌بووی کێشه‌کانی مرۆڤایه‌تین، له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌می دیموكراتیکی رۆژهه‌ڵاتی ناوین دایه‌. له‌ سیستمێکی وه‌هادا پێکه‌وه‌ژیانی ئازاد و دیموكراتییانه‌ی گه‌لان، پێکه‌وه‌ژیانی کولتووره‌کان، ئایینه‌کان، ئایینزاکان، چین و توێژه‌ جۆر‌به‌جۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها به‌دیهاتنی کولتوو، سیاسه‌ت و ژیانێکی دیموكراتییانه‌ به‌ بنه‌ما وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه‌ش به‌پێی راستینه‌ی گه‌وهه‌ری خۆی وه‌ها ده‌کات که‌ کێشه‌ و ناکۆکییه‌کان، چ کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، چینایه‌تی و ره‌گه‌زی که‌ سه‌ره‌کی‌ترین‌یانن و چ کێشه‌کانی دیکه‌، له‌ زه‌مینه‌ی ئاشتی و دیالۆگ دا به‌ چاره‌سه‌ری بگه‌ن.

گومانی تێدا نییه‌ ئه‌مه‌ دێته ‌ئه‌و واتایه‌ی که‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین جارێکی دیکه‌ ده‌بێته‌ لانکه‌ی شارستانیه‌ت و ئه‌مجاره‌یان شارستانیه‌تی دیموكراتیك ‌وه‌کو سه‌نتێزی زانستیانه‌ی شارستانیه‌ته‌کان له‌م لانکه‌یه‌ دا په‌روه‌رده‌ ده‌کرێت. لێره‌دا پ.ک.ک به‌ رێبه‌رایه‌تی سه‌رۆک ئاپۆ ماوه‌ی چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌که‌ ئاڵاهه‌ڵگری تێکۆشانی ئافراندنی بناخه‌کانی ئه‌م شارستانیه‌ته‌ و به‌ تایبه‌ت به‌رده‌کانی بناخه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ژیانه‌وه‌ و پێشخستنی شۆڕشی دیموكراسی دامه‌زراندووه‌. له‌ سه‌ده‌ی  بیست و یه‌که‌میش دا وه‌کو هێزی پێشه‌نگی ئه‌م شارستانیه‌ته‌ له‌ ژێر رۆشنایی مانیفێستۆی شارستانیه‌تی دیموكراتیك‌، که‌ ئه‌نجامی قووڵبوونه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی "سه‌رۆک ئاپۆ"یه‌ له‌ سه‌ر دیالێکتیکی مێژووی شارستانیه‌ته‌کان و پێشکه‌شکردنی جیهانبینی نوێ، تێڕوانینی نوێ بۆ مێژوو و مرۆڤ ده‌رده‌خاته‌ مه‌یدان. به‌ کورتی ئایدیۆلۆژیایه‌کی نوێیه‌. ئاڵاهه‌ڵگری به‌دیهێنان و سه‌قامگیرکردنی ئه‌م  شارستانیه‌ته‌یه‌.

 

* ‌ئه‌م وتاره‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی وڵات ژماره‌ 396 به‌رواری 30/11/2001 لاپه‌ڕه‌ی 18دا بڵاو بۆته‌وه‌.