مرۆڤ و ژینگە لە جەنگی یەكتردا

18 Gulan 2019 Şemî

ئەنجامەكانی تەقینەوەی رێژەی دانیشتوانی زەوی و دروستبوونی قەیرانەكان ...


چاوچنۆكی مرۆڤ بێ‌گوێدانە باری ژینگە

 Ù„Û• (200) ساڵی ئەم دواییەی مێژودا مرۆڤایەتی زەوی و ژینگەی بەقەد ئەو چەند ملیۆن ساڵەی پێشووی خۆی وێران كردوە كە لەسەری ژیاوە و جەنگێكی وێرانكەرانە و بێبەزەیی بەرامبەری هەڵگیرساندوە. مرۆڤایەتی بەجۆرێك لەگەڵ زەوی و ژینگە رەفتار دەكات هەر وەك  ئیتر ئەم دوا نەوەی ئەم سەر زەویە بێت. سەرجەم مێژووی مرڤایەتی شەێ‌ و تێكۆشان بووە لە پێناوی ژیان و مانەوەی لەسەر ژیان. چارلس داروین لێكۆڵینەوە زانستیەكەی (خەبات لە پێناوی مانەوە) وەك بوونی پرەنسیپێكی سروشت دۆزیەوە و ئەنجامیدا. مرۆڤیش بە قەناعەتی من لەم پرەنسیپە بەدەر نیە. مرۆڤ هەمیشە لە بارودۆخی جەنگدا بووە. پێشەكی جەنگێك بووە دژ بە مەترسیە سروشتیەكانی بیئە وەك دوژمنێكی سروشت بەرامبەر مرۆڤ (لافاو، ئاگر، بوركان، باران نەبارین و بێ‌ئاوی و وشكانی..)، بەڵام ئەمەیان جەنگێك بووە لە هەڵوێستی لاوازییەوە بۆ مانەوەی مرۆڤ خۆی و بۆ پاراستنی ئاسایش. بەڵام دواتر بوەتە جەنگی مرۆڤ دژ بەیەكتر لە پێناوی داگیركردنی زەوی و كەرەسەی خاو، كەڵەكەكردنی سەرمایە و تێر نەخواردن بێ گوێدانە وێرانكردنی ژینگە وەك سەرچاوەی سەرەكی ژیانی مرۆڤایەتی خۆی.

 

ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی و تەكنەلۆژیا

لە ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی، بەتایبەت لە ساڵی (1945) بەدواوە لەگەڵ پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا جەنگێكی سەرانسەری مرۆڤ هەیە دژ بە روتاندنەوەی زەوی و ژینگە. ئەم شتە هەناسەیەكی دا بەمرۆڤ، بەڵام هەناسەیەكی گەورەی لە زەوی دایك بڕی. ئەمەیان بێدەنگترین جەنگە، چونكە دژەكە نە دەتوانێت بە دەنگی بەرز هاوار بكات و نە بەرگری راستەوخۆ لە خۆی بكات، نەدەتوانێت پارێزەر بۆخۆی داوا بكات، بەڵام كاردانەوەكانی دواتری زۆر بەگران لەسەر مرۆڤایەتی دەكەوێت و كەوتوە. لەبەر ئەوە ئەمە بە خەتەرناكترین جەنگ دەبینم، چونكە كە زەوی و ژینگە وێران بوو بە واتا بنچینە و سەرەتاكانی ژیانی مرۆڤ خۆیشی وێران بوو. لە پێناوی بەرهەمی زیاتر و كەڵەكەكردنی سەرمایە و داگیركردن و لە ئەنجامی بەرپاكردنی دەیان جەنگی وێرانكەرانە، هەروەها بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خێرای دانیشتوانی سەر زەوی كە مرۆڤ دەكرێ بە تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان ناوی بنێت، زیاد بوونی پێویستیە ژیانیەكانی مرۆڤ بەم هۆیانەوە جەنگێكی بێبەزەیی دژ بەژینگە بەرپا كراوە، بەواتا ژینگە زۆر بە قورسی لە ژێر ئەم بارودۆخانەدا توشی چەوساندنەوە و روتاندنەوە و لەناوبردنی لەسەرخۆ بووە.

 

وێرانكردنی ژینگە، دیاردەیەكی مەترسیدار

بەهۆی پیسبوونی ژینگە بەستەڵەكەكان بەردەوام لەتواندنەوە و بچووك بونەوەدان، ئاو لە چەندین ناوچەی جیهاندا لە هەستان و فەیەزان دروستكردندایە. پلەی ئاووهەوا لەبەرز بونەوەدایە و گۆڕاوەو ساڵانە رێژەیەك لە زەویش دەبێتە دورگە و لە زۆی جێگای تریش ساڵانە رێژەیەكی دەچێتە ژێر ئاوەوە. دروستبونی ئۆزۆن لە ئاسماندا بەهۆی پیسی رێژەی زۆری كارگەكانی وڵاتە پیشەسازییە گەورەكان كە ئەنجامی خراپی لێكەوتوەتەوە. هەر بۆیە تێمای ژینگە لەم وڵاتانە تێمایەكی سەرەكیەو دروستبونی پارت و رێكخراو و ململانێی قورس و بڕیاری یاسایی لێكەوتوەتەوە هەرچەندە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی هەتا ئێستە نەتوانراوە وەك پێویست هەنگاوی جدی بۆ بنرێت.

 

بێبەزەیی مرۆڤ بەرامبەر بە ژینگە

مرۆڤ لەم ماوەی كاتی ژیانیدا ئەستێرەی زەوی بە شێوەیەك تێكداوە كە بڕواناكەم مرۆڤایەتی بتوانێت خۆی جارێكی تر لە بارودۆخێكی وادا ببینێتەوە كە ئەم ئەستێرە شینە دوبارە بهێنێتەوە سەرباری ئاسایی خۆی. كاتێك ئەم سەرلێتێكدانەی زەوی هەندێ لە شوێنی خۆی دەوەستێت ئەگەر مرۆڤ دەست لە روتاندنەوە و ژیانی لوكسوسی ئابوری هەڵبگرێ ئیتر بەناوی هەر جۆرە ئابورییەكەوە بێت و هەروەها هەنگاونان بۆ گەشەپێدان و پاراستنی ژینگە. بەڵام ئایا چاوچنۆكی مرۆڤ تا چەند رێگا بەم شتە دەدات؟ كاتی ئەوە بۆ مرۆڤ هاتوە كە خۆی لەنوێوە هەڵبسەنگێنێت.

(ژمارەی دانیشتوان لە زیادبوندایە و ناوچەی كشتوكاڵی لە كەمبونەوە)

وەك لە نوسینەكەدا ئاماژەم پێداوە ژمارەی دانیشتوانی زەوی بە خێرایی لەزیادبوندایە، بەڵام ناوچەی كشتوكاڵی لەكەمبونەوەدایە و چارەنوسیشی بەندە بە چەندین فاكتەرەوە كە ژینگە گرنگترینیانە. لە وڵاتی چینیشدا دەكرێ برسێتی گەورە دروست ببێت ئەگەر باران نەبارێت.

چین وڵاتێكە كە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی جیهان لەوێ دەژی. (25%)ی دانیشتوانی جیهانی پێكهێناوە، (7%)ی زەوی جیهانی داگیركردوە، بەواتا (7%)ی زەوی دنیا دەبێت لە (25%)ی دانیشتوانی دنیا بژێنێت. (¾)ی دانیشتوانی چین لەسەر (¼)ی روبەری چین دەژی كە دەكەوێتە رۆژئاوای وڵاتەكە، چونكە تەنیا لە بەشێكی كەمی چین زەوی گونجاوە بۆ كشتوكاڵ و بۆ ژیان. چین ناوچەی سەحراوی گەورەی هەیە، هەروەها ناوچەی شاخاوی و سەهۆڵاوی هەیە كە ژیان تێیاندا ئاسان نیە. لەبەر ئەم هۆیە كۆنترۆڵ كردنی ژمارەی دانیشتوان پێویستە لە وڵاتێكی وەك چینیش. بەمیتۆدی كۆنترۆڵ كردنی تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان مرۆڤ دەیەوێ لە دوارۆژدا رێگا لە برسێتی بە كۆمەڵ بگرێت، چونكە برسێتی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا بە ئاراستەیەكی خراپدا دەگۆڕێت و كاریگەری لەسەر ئاسایشی جیهان و ژینگەش دەبێت هەروەك لە بەنگلادیش و هندستان و سۆدان و ئەسیوبیا و هەندێ وڵاتانی تری كیشوەری ئەفریقیا ساڵانە تێبینی دەكرێن.

 

ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سایەی ژینگەوە

ئاسایشی نێودەوڵەتی تەنیا لە رێگای تیرۆری نێودەوڵەتی و جەنگ و چەكی ئەتۆمییەوە نەكەوتوەتە بەر مەترسی، بەڵكو تێكچوونی باری ژینگە بەو ئەنجامانەی كە لەم نوسینە ئاماژەم پێداوە مەترسی و هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستكردوە. ئەگەر كاریسەی برسێتی و نەخۆشی بەكۆمەڵی چاوەڕواننەكراو نەبێتە رێگر ئەوا بەپێی بۆچونەكان لە ساڵی (2025)دا (9) ملیار مرۆڤ لەسەر زەوی دەژی. ئەمە لەكاتێكدا كە ژمارەی دانیشتوان لە ئەوروپای رۆژئاوا بەرەو كەمبونەوە دەڕوات و خێزان بچووك بوەتەوە. بەواتا تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان بە پلەی سەرەكی وڵاتانی «جیهانی سێی» گرتوەتەوە، لەزیاد بوون و تەقینەوەدایە. ئەم تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوانە لە وڵاتە نامیەكان هۆی خۆی هەیە. جگە لە فاكتەری ئاین، بەڵام هۆ سەرەكییەكان هۆی ئابورین بەوەی كە خەڵكی، كەخیزان زەمانی كۆمەڵایەتی دوارۆژیان نیە و بەم هۆیەوە منداڵ زۆربوون سەرچاوەی كاروكاسپیە، بەتایبەت كوێ‌ كە بە زەمانی دوارۆژی خێزان دەبینرێت. بەهۆی هەژاری زۆربەی زۆری ئەم وڵاتانەوە گەورەترین سەرچاوەی وزە، كە مرۆڤ پێویستیەتی لە سروشت وەریدەگرێ بۆ نمونە سوتاندنی ژمارەیەكی زۆری لە دار و درەخت وەك سەرچاوەی وزە بۆ سوتاندن و هەروەها بڕینەوەی دارودرەخت بۆ دروست كردنی خانوبەرە، بەڵام بێئەوەی بایەخ بەوە بدریت كەباری ژینگە بەدوایدا وەك پێشتری خۆی گەشە بكاتەوە. ژمارەی دارستانەكان لەجیهاندا بەروونی بەرەو كەمبوونەوە و پیس بوون دەڕۆن، بۆ نمونە دارستانی ئەمەزۆنا لە بەڕازیل. ئەم وڵاتانە هەژاریەكی بێسنور بەخۆیەوە دەبینێت. ئەم دیاردانە هەمووی دەبنە هۆی پەلاماردان و خەبات لە پێناوی ژیاندا، مرۆڤ ئامادە دەبێت ئەوی تر بكاتە قوربانی بۆ ئەوەی خۆی بژی. بەم هۆیەوە شەێ‌ و جەنگ دروست دەبن و میللەتانی بێهێزو مرۆڤە هەژارەكان دەكەونە ژێر پاڵەپەستۆ و وێرانبوون و لەگەڵیشیدا نەتوانینی توانای بایەخدان بەژینگە. ئەم دیاردانە و دیاردەی كەمبونەوەی ئاو وادەكات كە لە دواڕۆژدا بەتایبەت لە پێناوی ئاودا ئاوی خواردنەوە بەتایبەت ژمارەیەكی زۆر لە جەنگ دروست ببن، بەتایبەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەم ناوچەیەدا كە بەدەریای سپی ناوەڕاست ناسراوە لەلایەن پسپۆڕانەوە بە تەنەكەی خۆڵ ناو دەبرێت. بەڵی مرۆڤ  بە هۆشیاری خۆی ژینگەی دەوروپشتی خۆی بەدەستی خۆی وێران دەكات. لە ساڵی (سفر) ژمارەی دانیشتوان بە پێی پسپۆرانی ئەم بوارە نزیكەی (250) ملیۆن كەس بووە. لە ساڵی (1650) گەشەی كردوە بۆ (500) ملیۆن مرۆڤ. (200) ساڵ دواتر بەواتا لەسالی (1850) بوەتە یەك ملیارد. لە ساڵی (1985) بریتی بووە لە (پینج) ملیارد كەس.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی تری زانستی ژمارەی دانیشتوان لە ساڵی (1950)، (2.5) ملیارد مرۆڤ بووە كە هەر مرۆڤێك (5600) مەتردوجا زەوی بەركەوتووە. لەساڵی (2000) ژمارەی دانیشتوان گەیشتوەتە (6.1) ملیار، هەر مرۆڤێك (2300) مەتردوجا زەوی بەركەوتوە. بەپێی ئامارەكان لە ساڵی (2050) ژمارەی دانیشتوانی سەر زەوی دەگاتە (9,1) ملیارد مرۆڤ كە هەر مرۆڤێك (1500) مەتردوجا زەوی بەردەكەوێت. بەواتا لە چل ساڵی ئایندەدا زەوی دەبێت نزیكەی (3) ملیار كەس زیاتر بگرێتە خۆی وەك لەوەی ئەمڕۆ هەیە. لە (20) ساڵی ئایندە پێویستی خواردن بۆ جیهان بەڕێژەی (50%) بەرز دەبێتەوە.

 

تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان وڵاتانی «جیهانی سێ»ی گرتووەتەوە

تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان وڵاتانی «جیهانی سێ»ی گرتوەتەوە و دیاردەكەش بێ هۆ نیە. جگە لە فاكتەری ئاین كە منداڵ دیاری خودایە، بەڵام هۆیە سەرەكیەكان هۆی ئابورین بەوەی كە خەڵكی، كە خێزان زەمانی كۆمەڵایەتی دواڕۆژیان نیە، بەم هۆیەوە منداڵ زۆربوون سەرچاوەی كاروكاسپیە، بەتایبەت كوێ‌ كە بەزەمانی دوارۆژی خێزان دەبینرێت و سەرۆكایەتی ماڵیش بگرێتە ئەستۆ. لێرەدا ئاسایشی دانیشتوان و ئاسایشی خۆراك و ژینگەش دەبنە بەشێك لە ئاسایشی نەتەوەیی. لە وڵاتێكی وەك چین كە دانیشتوانەكەی زیاتر لە یەك ملیار مرۆڤە دەبێت ¾ی دانیشتوانەكەی لەسەر ¼ ی روبەری چین بژی، چونكە تەنیا ئەم ناوچەیە گونجاوە بۆ كشتوكاڵ و كێڵاندن و بەكشتوكاڵ كردنی زەوی. بەبارین نەبارینێكی دوو ساڵە دەكرێ برسێتی لەم دەوڵەتە گەورەیەدا روو بدات. هەموو ئەمانە بۆ ئاسایشی نێوخۆ و نێودەوڵەتیش قەیران دروست دەكات و بێئەنجام نابێت.

 

زەوی كشتوكاڵ بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمریكا لە كەمبونەوەدایە

زەوی كشتوكاڵ بەتایبەت لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە كەمبونەوەدایە و هەروەها نرخیشی گرانترە. لەبەر ئەوە وڵاتە دەوڵەمەندەكان لە وڵاتە هەژارەكان زەویەكی زۆر بەنرخی هەرزان دەكڕن و خواردنی لەسەر بەرهەم دەهێنن و دەینێرنەوە وڵاتەكانی خۆیان ئەمە لەكاتێكدا كە ئەو وڵاتە هەژارانە خۆیان بەدەست هەژاری و كەم خواردنیەوە دەناڵێنن. حكومەتی سۆدان بۆ ماوەی (99) ساڵ، ملیۆن و نیوێك دۆنم لە باشترین زەوی كشتوكاڵی فرۆشتوە بە دەوڵەتەكانی كەنداو، بەڵام ئەوەی ناكۆكە بە خۆی لێرەدا ئەوەیە سۆدان گەورەترین وەرگری یارمەتی دەرەكییە. ژیانی (5.6) ملیۆن مرۆڤ بەندە بەیارمەتی خۆراكی دەرەكییەوە. لە وڵاتە هەژارەكان وەك هند و بەنگڵادیش دیاردەی كۆچ و رەو هەیە لە گوندەوە بۆ شار. دیاردەیەك كە بێ ئەنجام نیە بۆ سەر ژیانی دانیشتوان. هەموو ئەمانە كاریگەریی خراپی خۆی هەیە لەسەر ئاسایشی خۆراكیش.

 

بارودۆخی ژینگە لە باشوری كوردستان

هەموو ئەمانە دەبێت رونكردنەوە و ئەزمون بن بۆ باشوری كوردستانیش. ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر گشت. ئەمانە هەمووی پێویستی بە بەرنامەڕێژی و دامودەزگا هەیە لە هەرێمی كوردستانیش كە بەر لە هەموو شت كار و ئەركی دەسەڵاتی سیاسییە. هیچ ئامارێكی فەرمی و زانستیم لەبەردەستدا نیە بۆ ئاماژە پێكردن بە بارودۆخی ژینگە لە باشوری كوردستان و بڕواش ناكەم بە فەرمی وەك پێویست هەبێت. بەهیوای ئەوەی  پسیۆڕانی ئەم بوارە لە هەرێمی كوردستان رای گشتی بۆ بجوڵێنن، چونكە ئەم دیاردەیە ژیانییە، بەڵام مەترسیدارەش هیچی كەمتر نیە لە بوارەكانی تری ژیانی ئینسان. كاردانەوەی تەنیا دوو ساڵ باران نەبارینمان بینی لەم وڵاتە. كاردانەوەكانی لەسەر كەمبونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی، لەسەر خواردن و ئاو وەك گرنگترین سەرچاوەی ژیان. نەبوونی دارستان و سەوزایی ئەنجامی خراپی ژینەگەی لێدەكەوێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی جوراوجۆر و بەرزبونەوەی پلەی ئاو و هەواو پیس بوونی ژینگە. لە زۆر شوێنی كوردستانیش كەمی ئاو لە گوندەكاندا هەڕەشە لە كۆچی دانیشتوانەكەی دەكات. بە دەیان هەزار كەس لە نێو كوردستاندا كۆچ و رەویان كردوە، نەك هەر لەبەر كەمی ئاو، بەڵكو لەبەر دروستنەكردنەوە و ئاوەدان نەكردنەوەی گوندەكان و بەم هۆیەوە نەك هەر بەرهەمی كشتوكاڵی خۆماڵی لەكەمبونەوەدایە و خواردن لە وڵاتەكانی دراوسێوە بە نرخی گرانتر دەهێنرێن و بازاڕەكانی هەرێم داگیر دەكات، بەڵكو بوەتە هۆی كۆچی دانیشتوانەكەشی بۆ شارەكان دیاردەیەك كە بوەتە هۆی گۆڕینی باری دیمۆگرافی و كۆمەڵایەتی شار و لادێكان، ئەوەی كە رژێمی بەعس بە نەخشە ئەنجامیدا و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستانیش بە بێ بەرنامەیی و پشتگوێ خستن وەڵامی داوەتەوە. ئەنجامی مەترسیداری بارودۆخی خراپی ژینگە لە باشوری كوردستان ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستەی بمێنێتەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا رونتر دەبینرێن. بوونی وەزارەتێكی ژینگەیی كارا پێویستیەكی ژیانییە.